1 2 aim

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك پێشوازی لە فەرماندە دیار عومەر و فەرماندەكانی كۆماندۆ كرد

جێگری فەرماندەی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان بەیاروەری ژمارەیەك لە فەرماندەكانی كۆماندۆ گەیشتنە شاری كەركوك و لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكەوە پێشوازیان لێكرا.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 31ی 7ی 2023 بەڕێز دیار عومەر ، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان لە شاری كەركوك سەردانی بەڕێز فەریق ڕوكن "جبار نعمە كرەم ئەل تائی" فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی كرد.

لەدیدارێكدا وێرایی بەخێرهاتی جێگری فەرماندەی فەرماندەیی و فەرماندەكانی كۆماندۆی كوردستان بەڕێز فەریق ڕوكن "جبار نعمە كرەم ئەل تائی" فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك، ڕۆڵی هێزەكانی كۆماندۆی لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەت شاری كەركوك بەرز نرخاند و ستایشی هەوڵەكانی كۆماندۆی كوردستان كرد.

هاوكات، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان سوپاسی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی كرد و تیشكی خستە سەر مێژووی دروستبوونی هێزی كۆماندۆی كوردستان، بەسەرپەرشتی و فەرماندەیی شەهیدی فەرماندە" ئاكام عمر"، كە سەرەتا ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست كەمتر بوو و خۆبەخشانە، ئەركیان پاراستنی خاكی كەركوك بوو لە دەست تیرۆرستانی داعش.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ئەركیان پاراستنی خاك و خزمەتكردنی خەڵكە، بۆیە لە هەر شوێنێك پێویست بێت كوڕانی كۆماندۆی كوردستان،لەوێ ئامادەییان دەبێت بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمان، كەشاری كەركوك و دەوروبەری ئەركی لە  پێشینەیان دەبێت .
هەر لە دیدارەكەدا، هەردوولا جەختیان كردەوە، كە داعش هێشتا كۆتایی نەهاتووە و هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هێزەكان بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە تیرۆرستییە ئەركی لە پێشینەیان دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە بەردەوامبوونی پەیوەندیی  هەردوولا كرایەوە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكە بە گرنگ زانرا.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك بەڵێنی بەردەوامی هاوكاریی و هەماهەنگییەكانی لەگەڵ فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان دووپاتكردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گروپ و تاقمێك، كە بیانەوێت ئاسایش و سەقامگیری كەركوك و دەوروبەری تێك بدەن .