1 2 aim

ئەنفال"برینی سارێژ نەبووی جەستەی نیشتمان و ئازارێكی بەردەوامە لە رۆحماندا

ئەنفال"برینی سارێژ نەبووی جەستەی نیشتمان و ئازارێكی بەردەوامە لە رۆحماندا، وانەیەكی نەتەوەیی و مێژووییە هەرگیز لە بیر ناكرێت، یەكێكە لە كارەساتە ناخهەژێنەكانی سەدەی رابردوو، مەرگە ساتێكە هەرگیز و بۆ ئەبەدی لە بیر و هزری تاكی كورددا دەمێنێتەوە.

دوای تێپەڕبوونی (37) ساڵ، دەست لە سەر دڵ و بەشكۆ و رێزەوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرین، لەحزوری رۆحی پیرۆزیاندا سڵاو و درود و رەحمەتیان بۆ دەنێرین و یادی ئەو شەهیدانەی نیشتمان دەكەینەوە، كە لەسەر خاك و زێدی خۆیان بە زۆرەملێ‌ ئەنفال كراون و لە بیابانەكانی سەماوە و نوگرەسەلمان و خاكی غەریبان بە ئازارەوە رۆح و جەستەیان پێشكەشی نیشتمان كرد و بوونە مەشخەڵی رۆشنكەرەوەی رێگای ئازادی و هیوای كورد و كوردستان، ئەوان بە گیانیان مێژووییەكی پڕ لە شانازی و پرشنگدارداریان بۆ ئەبەدی تۆمار كرد.

ئەمساڵ کاتێ ئەم یادە تراژیدی و تاڵەی بەشێکی جەستەی نیشتمان دەکەینەوە، ناوچەکە بە زنجیرەیەک کۆبونەوەی مێژوویی و گۆڕانكارییەكی خێرا و گەرم و ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت، بۆیە زیاتر لە هەر كاتێ گەلەكەمان پێویستی بەیەكڕیزی و بونیاتنانەوەی گیانی پێكەوەهەڵكردن و یەك ئیرادەیی و یەكخستنی هەموو هەوڵ و تواناكانە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و كارەسات و مەرگەساتانەی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەك تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا هات.

نەمری بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان و سەربەرزی بۆ نەوە و وارس و كەسوكاری ئەنفالكراوان.