1 2 aim

هەڵەبجە... سیمبول و شادەماری ئازار و نەهامەتیی و قوربانیدانیی گەلێكی بێ تاوانە

هەڵەبجە... سیمبول و شادەماری ئازار و نەهامەتیی و قوربانیدانیی گەلێكی بێ تاوانە، كە تەنیا بەرگریی لە ناسنامەی "كورد"بوونی خۆی كردووە، دوای (37) ساڵ جارێكی تر برینی خەڵكی هەڵەبجە و هەورامان وشارەزوور دێتەوە سۆو و دەخرێتەوە بیروهزری هەمووان، کە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا سەدان چیرۆكی تەراژیدی هەڵەبجەییەكان بە تەواونەكراوی ماوەتەوە.

سی و حەوت ساڵ بەسەر تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە تێپەڕ دەبێت و لاپەڕەیەكی ڕەش لە تۆماری تەمەنی ناحەزانی ئەو شارە شەهیدە هەڵدەدەینەوە، لە حزووری گڵكۆیی شەهیدانی هەڵەبجەدا ڕادەوەستین و فاتحە و درود و رەحمەت بۆ رۆحی پیرۆزی ئەو شەهیدانە دەنێرین، كە لە ماوەی چەند خولەكێكدا بەهەزاران مرۆڤ بوونە قوربانی، كە تەنها تاوانیان بەرگریكردن بوو لە ناسنامەی "كورد"بوونیان، بۆیە بە سەربەرزیەوە لە مێژوودا بوونە سیمبولی قوربانیدانی گەلێكی بێ تاوان.

جینۆسایدی هەڵەبجە، هێمای ئەوپەڕی ستەم و زۆردارییە بەرامبەر بە گەلێك و تاوانێکی ئەوەندە نا مرۆڤانە بوو گەلەکەی بە دنیا ناساند، خەباتی كوردی لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێكی دیكە گۆڕی، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ كە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەكەینەوە، گلەییەكان زۆرن و خزمەتگوزارییەكان كەمن، جیاكاریی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا دەكرێت و ئەوەی پێشكەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەكان دەكرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێكرداردا ماوەتەوە، كەیسی منداڵە وونبووەكانی شارەكە تراژیدیا دیكەی ئەو مێژووە تاڵەیە.

درود بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی گەلی كوردستان ...
https://www.facebook.com/share/v/18haFcrexu/