سەرۆك بافڵ تاڵەبانی گەیشتە شاری كەركوك
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسی لە شاری كەركوك كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی دەربارەی كۆی كێشە سیاسییەكان بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، یەكێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و كوردستانییەكان بۆ داكۆكیكردن لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاكردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەكان و نێوان هەرێم و بەغدا لەپێشینەی كارەكانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان لای یەكێتی هێڵی سوورە و بەهەمووشێوەیەك داكۆكی لێدەكەین.
سەرۆك بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی كرد و ئەوەشی بۆ یەكهەڵوێستی و یەكبڕیاریی سەركردایەتی یەكێتی گەڕاندەوە.
هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان كرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە كردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەكەماندایە و كەركوكیش كە بەشێكە لە جەستەی یەكێتی، وەك قودسی كوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێكەوەژیان دەكەین.
كۆبوونەوەكە كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەكان، كاری رێكخراوەیی و ئۆرگانەكان و ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەكرا و وەك ئیستحقاقی حزبی، دیموكراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٣ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت.
هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.