ساڵێك بەسەر شەهیدبوونی فەرماندە نەقیب (زوهێر محەمەد فایەق)دا تێپەڕ دەبێت
ساڵێك تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدبوونی فەرماندە نەقیب (زوهێر محەمەد فایەق) و برینداربوونی شەهیدی فەرماندە (ئاكام عومەر) و پۆلێك لە كوڕانی كۆماندۆ.
كۆماندۆی كوردستان زۆر بە ڕێز و شكۆوە ئەو یادە خەمناكە دەكاتەوە، كە بۆ هەتا هەتایە لە بیر و هزری تاك بە تاكی "كوڕانی كۆماندۆ" و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە .
مێژووی پڕ سەروەری شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر" و شەهید نەقیب "زوهێر محمد فایەق" و شەهیدانی دیكەی كۆماندۆ نموونەی تۆمارێكی شانازی و پڕ سەروەرین، كە ئامادەبوون لەپێناو خاكی پیرۆزی كوردستان و ڕێبازی حزبی شەهیداندا گیانیان بەخت بكەن.
دیرۆكی تەمەنێكی كەم، بەڵام شانازییەكی گەورە و مەزنی شەهید نەقیب (زوهێر محمد فایەق) لەم تۆمارە ڤیدیۆییەدا ببینن، ڕۆحی شەهیدانمان شاد و یاد و یادەوەرییەكانیان هەمیشە زیندوو...
ژیاننامەی ...
شەهیدی فەرماندە نەقیب (زوهێر محەمەد فایەق)
لە ڕۆژی 21ی 5ی 1989 لە شاری كەركوك لەدایك بووە،خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە كەركوك تەواوكردووە و دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری كشتوكاڵ بووە، لە ساڵی 2013 بەشداری لە خولی 9ی بنەڕەتی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان كردووە و لە ساڵی 2015 بۆتە ئەفسەر بە پلەی ملازم. لە ساڵی 2016 لە وڵاتی "چیك" بەشداری چەند خولێكی هەڵگرتنەوەی (مین) كردووە و خاوەنی سێ بڕوانامەیە لەو بوارەدا.لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە سنوری كەركوك بریندار بووە .
شەهیدی فەرماندە نەقیب (زوهێر محەمەد فایەق) جگە لە خزمەت كردنی خاك و نیشتیمان وەك خولیای خۆی ئارەزووی یاری (زۆرانبازی) بووە، دوو جاریش بووەتە پاڵەوانی عیراق.
زۆر بە داخەوە لە ڕۆژی 19ی 10ی 2022 لە ناوچەی گەرمیان لە سنوری تاوێركەوە/ قوم پەڵك شەهید بوو ... ڕۆحی پێشكەشی خاكی پیرۆزی كوردستان كرد.