سەرۆك بافڵ تاڵەبانی تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر" دانا
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەریی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر سەردانی ماڵی عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەری كرد.
لە سەردانەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ستایشی دڵسۆزی و خۆڕاگریی خانەوادەی شەهید ئاكامی كرد كە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو كوردستان، وتیشی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قەرزاری جوامێری و ئازایەتیی شەهید ئاكامە و رۆڵ و خزمەتەكانی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.
دواتر سەرۆك بافڵ سەردانی ئارامگەی شەهید ئاكامی كرد و تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر گڵكۆكەی دانا و رایگەیاند، شەهید ئاكام فەرماندەیەكی گرنگ و كاریگەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، خزمەتەكانی لە پاراستنی كوردستان و راستكردنەوەی رێڕەوی حزبیدا لەیادناكەین.