ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی هێزەكانی كۆماندۆ بە كوژرانی پێنج تیرۆرست كۆتایی هات
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی هێزی كۆماندۆی كوردستان و دژەتیرۆری عێراق و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بۆ سەر حەشارگە و مۆڵگەكانی دا*ع*ش لە سنووری قەزای كفری كۆتایی هات و پێنج تیرۆرستی دا*ع*ش كوژران، كە دوو لە تیرۆرستان پلەی ئەمیریان هەبووە.
پاش بەدەستهێنانی زانیاری وورد و دروست لەلایەن هێزەكانی كۆماندۆ لە جموجوڵی ژمارەك تیرۆرست و بوونی چەند حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنی لەو ناوچەیە، كاتژمێر6.00 ی سەر لە بەیانی رۆژی سێ شەممە 16ی نیسانی 2024 فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عیراق و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنێكیان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆرستانی دا*ع*ش لە ناوچەی تاوێركەوەی سنووری قەزای كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان ئەنجام دا.
فرۆكەجەنگییەكانی هاوپەیمانان و عیراق لە ئاسمانەوە بۆردومانی چەند حەشارگەیەكی دا*ع*شیان كرد و لە زەمینیشەوە هێزەكانی كۆماندۆ و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە و دژەتیرۆری عیراق لەچەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە لەسەر مۆڵگە و حەشارگەكانی تیرۆرستان.
لە ئۆپراسیۆنەكەدا، چەند حەشارگەیەك لەناو برا و لاشەی پێنج تیرۆرستیش كەوتە دەست "كوڕانی كۆماندۆ"، كە دوو لە تیرۆرستان پلەی ئەمیریان هەبووە، هاوكات دەست بەسەر بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و ماتۆرسكیلدا گیرا، هیچ زیانێكیش بەر هێزە هاوبەشەكانی ئۆپراسیۆنەكە نەكەوت.
جارێكی دیكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە بە خوێنمان هاوشێوەی شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر" دەبینە قەڵغان و سپەری پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان.