1 2 aim

جێگری فەرماندەی كۆماندۆ لە بەغدا زنجیرەیەك دیداری سەربازی گرنگی ئەنجام دا

جێگری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان زنجیرەیەك دیداری سەربازی گرنگی ئەنجام دا و پرسی هەماهەنگی و پاڵپشتی و كاری پێكەوەیی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر تاوتوێكرا.

ڕۆژی دووشەممە  15ی نیسانی 2024 بەڕێز فەرماندە دیار عومەر، جێگری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە یاوەری ژمارەیەك لە فەرماندەكانی كۆماندۆ سەردانی شاری بەغدای پایتەختی كرد و بە جیا لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێز فەریق ڕوكن قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و بەڕێز فەریق ڕوكن كەریم عەبود ئەل تەمیمی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراق كۆبووەوە.

لە دیدارێكدا بەڕێز فەریق ڕوكن قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دوای بەخێرهاتن سوپاس و دەستخۆشی لە جێگری فەرماندە و "كوڕانی كۆماندۆ" كرد و ڕایگەیاند، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا كۆماندۆ ڕۆڵێكی دیار و بەرچاویان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوكات هەماهەنگی باشیان لەگەڵ هێزە عیراقییەكان هەیە لە ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای كەركوك و دەوروبەری.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكن لەگەڵ هێزەكانی كۆماندۆ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و هێزی كۆماندۆی بە دەستێكی تۆكمە و پۆڵاین دژ بە د*اع*ش و تیرۆرستان وەسف كرد . 

هاوكات لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا فەرماندە دیار عومەر، جێگری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و بە یاوەری فەرماندەكانی كۆماندۆ سەردانی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی كرد و لەلایەن بەڕێز فەریق ڕوكن كەریم عەبود ئەل تەمیمیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە بەگەرمی پێشوازیان لێكرا، بەڕێزیان باسی لەوەكرد، كە كۆماندۆ هێزێكی گەنجی ئازا و ڕاهێنراون و خاوەنی دیسپلینی سەربازین، لە گەڵ هێزەكانیان هەماهەنگن و ڕۆڵێكی باشیان هەیە لە لە ناوبردنی تیرۆرستان.
 
ئاشكراشیكرد، كە دەزگای دژەتیرۆری عێراق بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و هاوكاری و كاری پێكەوەییان لە ئەرك و ئۆپراسیۆنەكان بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی دا*ع*ش و تیرۆرستان لە ناوچەكانی كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا.

هەر لەو سەردانەدا فەرماندە دیار عومەر، جێگری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەلایەن بەڕێز فەریق ڕوكن قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقەوە قەڵغانی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.