1 2 aim

كوڕانی كۆماندۆی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە سنووری گەرمیان چەندین حەشارگەی داعشیان خاپوركرد

هێزی كۆماندۆی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سنوری گەرمیان ئەنجامدا و ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان لەو ناوچانە خاپووركرد.

بەپشت بەستن بە زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵگریی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و پشتیوانی هاوپەیمانان بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ چەند تیمێكی شەڕكەری "كوڕانی كۆماندۆ" لە گەڵ هێزی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر ژمارەیەك حەشارگەی داعش لە ناوچەی "تاوێرکەوە" لە سنوری گەرمیان ئەنجام دا.

لە سەعات ٠٢:٣٠ی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیمێكی یەكەی (هاوەن)ی هێزەکانمان ژمارەیەك حەشارگەی داعش خاپوور كرا و دواتر "كوڕانی كۆماندۆ" دەستیان بەكێوماڵ كردنی ناوچەكە كرد، كە تیرۆرستان ناو بەناو وەك شوێنی كۆبونەوە و دانانی پیلانی هێرشكردن بەكاریان دەهێنا، كە ئامانجی سەرەكی ئۆپراسیۆنەكەش خاپووركردنی ئەو شوێنانە بوو، هاوكات بۆمبێکی چێنراوی تیرۆرستانیش لەلایەن تیمێكی (E.O.D)ی كۆماندۆی كوردستانەوە پۆچەڵكرایەوە، ئۆپەراسیۆنەكەش لە سەعات ١٠:٠٠ی پێش نیوەڕۆ بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.

"كوڕانی كۆماندۆ" جارێكی دیكە دڵنیایی دەدەنە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كە بەردەوام ئاگاداری هەر جموجوڵێكی تیرۆرستان دەبن و وەك هەمیشە پێشمەرگەی دڵسۆزی پارێزەری خاكی پیرۆزی كوردستان و خزمەتكاری بەوەفای خەڵك دەبن.