لەرۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا زیاتر لە جاران خوێنمان فیدای خاک و نیشتمان دەکەین
ئاڵاكەمان سیمبوڵی گیان فیدایی و قوربانیدان و سەرفرازییمانە، شانازی بە سەربڵندی و شكۆمەندی ئاڵاكەمانەوە دەكەین، سڵاو و درود بۆ رۆحی پیرۆزی ئەو شەهیدانە دەنێرێن، كە لە پێناو "ئاڵای كوردستان"دا کاروانێک قوربانیان داوە و "كوڕانی كۆماندۆ" درێژە پێدەری ئەو كاروانەن.
لەرۆژی ئاڵای كوردستاندا گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ڕێبوارانی ڕێگای ئەو ئاڵایە دەكەین، دەستمان لە سەر دڵ و بەشكۆوە لە بەرامبەر ئاڵاكەمان ڕادەوەستین و ئەو یادە بەرز ڕادەگرین.
"كوڕانی كۆماندۆ" زیاتر لە جاران قوربانی بۆ خاك و ئاڵاكەمان دەدەین، هاوشێوەی (لۆگۆ)كەمان ئاڵای کوردستانمان لەنێو سنگ و دڵ و ناخمان هەڵگرتووە، کە مێژوویەكی دووری نیە بۆ پاراستنی شكۆی ئاڵا و خاكی پیرۆزی كوردستان، شەهیدی فەرماندەی خۆشەویستمان "ئاكام عومەر" یەكێك بوو لە رێبوارانی ئەو کاروانە.
ئەمڕۆ لە كاتێكی هەستیاردا ئێمە لەم بەشەی كوردستان یادی "ڕۆژی ئاڵا" دەكەینەوە، كە ناوچەكە بە گۆڕانكارییەكی زۆر خێرا و ئانیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە جەخت لەوە دەكەینەوە، كە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەتەبایی ناوخۆیی و گیانی برایەتی و لێكتێگەیشتن و لێبووردەیی و كاری پێكەوەیی و ئامادەسازی سیاسی و سەربازی هەیە، لە پێناو پاراستنی ئەو قەوارە دەستوورییە، كە بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی خەڵكی كوردستانە و موڵكی تایبەتی هیچ كەس و لایەن و ئایدۆلۆژیاییەكی دیاریكراو نییە، كە ئەركە لەسەر هەموولایەك كاری لەپێشینەمان پاراستنی قەوارەكە و ئاڵاكەی بێت .
جارێکی دیکە ... بەڵێن بە خودا و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەدەین، کە خوێنی تاك بە تاكی " كوڕانی كۆماندۆ" خەڵات بێت ، بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و پاراستنی خاك و نیشتمان.
ڕۆحی شەهیدانی كاروانی پاراستنی شكۆی ئاڵای كوردستان شاد و هەر بەرز و شەكاوە بێت ئاڵاكەمان...