1 2 aim

دوای زیاتر لە سێ دەیە "ئەنفال" هێشتا ژیلەمۆی نەكوژاوەی ناخی هەموو مرۆڤێكی خاوەن ویژدانە

هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە بیابانەكانی باشووری عیراق ، جارێكی دیكە گڕی لە هەست و سۆز و ویژدانی مرۆڤایەتی بەردا ، كاتێك دەبینیت دایكێك باوەشی بە منداڵە جگەر گۆشەكەیدا كردووە و لە لایەكی دیكەوە دوو منداڵی پاكیزە ئاسا لە ئامێزی یەكتریدان و هەموویان  پێكەوە ڕۆحیان تەنها لەبەر "كورد" بوونیان بە نیشتمان بەخشیوە.
 
ئەمڕۆ یەكشەممە٢٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤، لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی قەزای سەلمان-ی سەربە پارێزگای سەماوە لە باشووری عیراق گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزرایەوە، كە بەدەیان ئێسك و پروسكی تێدا بوو، ئەوانەی لە گۆڕەكەدا بوون لە بەهاری تەمەنیاندا بوون و جلوبەرگی  بەهارەی كوردیان لەبەردا بووە و تەنها تاوانیان "كورد"بوونیانە، كە دیمەنەكانی نێو گۆڕەكە ناخ و دڵی هەموو خاوەن ویژدانێك دەهەژێنێت، ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان نمونەیەكی حاشا هەڵنەگری بێ ویژدانی رژێمی لەناوچووی بەعسی ڕووخاوە، كە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامیدا.

تراژیدیایی ئەم گۆشەی نیشتمان و دیمەنە ناخهەژێنەكانی "ئەنفال" ئەوەمان پێ دەڵێت ، كە كورد جگە لە چیاكان كەس دۆستی نیە و ناشبێت،  بۆیە پەند و وانە وەرنەگرتن و لەبیركردنی یادەوەرییە تراژیدیاكان و لە یادكردنی خیانەت و لەبیركردنی مێژووی تاڵ و شكستەكانی ڕابردوو و غەدر و نەهامەتییەكان ، مانای ڕازییی بوونە بە دووبارە بوونەوەی ئەنفال و هاوشێوەكانی.
ئێمە لە "كوڕانی كۆماندۆ" خوێنی تاك بە تاكمان دەبەخشین و دڵنیایی دەدەینە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كە ناهێڵین ئەنفال و هاوشێوەكانی "ئەنفال" بەسەر گەلەماندا دووبارە بێتەوە و تا دوا ساتەكانی ژیانمان پارێزگاری لە شكۆی گەل و خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین.

لەكۆتاییدا... درود و سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی دەستی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگای كوردستان دەنێرین و نەفرەت لە عەلی حەسەن مەجید-ەكانی رابڕدوو و هاوشێوەكانی ئێستای دەكەین.