1 2 aim

کۆماندۆی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی کۆچی ١٤٤٧ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بسم الله الرحمن الرحيم
(( إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ ٱللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ ثَانِىَ ٱثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِى ٱلْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَٰحِبِهِۦ لَا تَحْزَنْ إِنَّ ٱللَّهَ مَعَنَا ۖ))

یادی پڕ شكۆ و ماناداری "كۆچ" و هاتنەوەی ساڵیادی هیجرەتی سەروەری مرۆڤایەتی "محمد مستەفـــا" (ﷺ) لە ئوممەتی ئیسلام و سەرجەم مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی كوردستان و كەس وكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان بە تایبەت پیرۆز دەكەین، بەهیواین لەوانەی "كۆچ" پەند و لە پەیامەكانیشی هێز وەرگرین، بۆ پێداگری لەسەر گۆڕانكاریی و نوێبوونەوە و دادپەروەری و گیانی یەكتر قبوڵكردن و رەتكردنەوەی زوڵم و ستەم، دەخوازین هەموو ساڵێك ئەم یادە ڕێزلێگیراوە بەخۆشی و ئاسوودەیی بگەڕێتەوە.

هاتنەوەی یەكی موحەڕڕەمی ساڵی (١٤٤٧) ی كۆچی ، هاوكاتە لەگەڵ دۆخێكی هەستیار و ناسەقامگیر، كە ناوچەكە و جیهانی پێدا تێپەڕی دەبێت، ئاگری شەڕ لە هەموو لایەكەوە خەریكە بڵێسە دەسەنێ، هەواڵی كوژران و برینداری و كاولكاری بۆتە باسی گەرمی ڕۆژ، بۆیە هەرێمەكەشمان بەدەر نابێت لەوەی لە ناوچەكە ڕوودەدات، گەر حەكیمانە و  وورد و ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخ و گۆڕانكارییەكەدا نەكرێت، ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان و مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنشینان لە بێ مووچەیی و نەداری بڕەسكیان لێبراوە و هەژاری و قەرزداری  بۆتە مۆتەكە بەسەر خەڵكی هەرێمەكەمانەوە، لای هەمووان روونە یەكڕیزی و یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی سەركردایەتی كورد لە بەغدا، ژیان لەم هەرێمە دەگەیەنێتە ئەو پەڕی كەناری ئارامی.

"كۆچ" ووردبوونەوە لە ماناكانی ئەوەمان فێر دەكات، كە لەپێناو خاكێكی ئازاد و سەربەرزانە پێویستە قوربانی بدەین و ببینە چاوێكی كراوە، بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان، بۆیە"كوڕانی كۆماندۆ" لەسەر ئەو بڕوایەین و كۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لەپارێزگاری خاك و نیشتمان، تا وەك شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر" خوێنمان پێشكەشی خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین.

لەخوای گەورە داواكارین لەم یادە پیرۆزەدا وەك ناوەكەی "كۆچی" هەموو ناخۆشیەك و نارەحەتی و دژوارەیەك بێت، لە سەر خاك و خەڵك و هەرێمەكەمان و ساڵێكی تر ئەم كاتە بەخێر وخۆشی بگەرێتەوە.