1 2 aim

بنكەی تەندروستی (خێرخوازی بابەگوڕگوڕی ٢٤ كاتژمێری) بچوك لە بینا، بەڵام خزمەتێكی گەورە

كۆماندۆی كوردستان، باوەڕمان وایە لە پێناو خاك و خەڵك هیچ شتێك نابێتە بەربەست و رێگر بۆ خزمەتكردن و هەمیشە دەتوانین لەپانتاییەكی بەرفراوان خزمەت بكەین، بنكەی تەندروستی (خێرخوازی بابەگوڕگوڕی ٢٤ كاتژمێری) بە چەند كارمەندێكی كەمەوە خزمەتێكی گەورە پێشكەش بەخەڵكی سنورەكە و دەورووبەری دەكات.

بەپێی ئامارێكی تیمی تەندروستی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە بنكەی تەندروستی (خێرخوازی بابەگوڕگوڕی ٢٤ كاتژمێری) لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠ هەزار نەخۆش لە ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و قەزای سیدصادق و شارەزوور و هەورامان سەردانی بنكەیانی كردووە.

هەر بەپێی ئامارەكە، لەماوەی ١ی كانونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥ سەردانكردن لە بنكەكەیان ٢٠هەزار و ٧٧١ نەخۆش تۆماركراوە و لەو ژمارەیەش هەزار و ٥٠٠ نەخۆشیان حاڵەتی كتووپەڕ بوون، كە بە زۆری بریتی بوون لە رووداوەكانی هاتووچۆ و پێوەدانی مار و دووپشك و مێرووە زیان بەخشتەكان، لەگەڵ سوتاوی و شكان و گەشكەی منداڵ.

بنكەی تەندروستی (خێرخوازی بابەگوڕگوڕی ٢٤ كاتژمێری) یەكێكە لە زنجیرەی كارە خێرخوازییەكانی كۆماندۆی كوردستان و هاوشان لەگەڵ بنكەی "تەندروستی قادركەرەم" بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سنورەكە بەردەوام لە ئەركدان، لەم كارە خێرخوازیانەی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەردەوام دەبێت.

كۆماندۆی كوردستان جارێكی دیكە هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە، كە چۆن لەسەنگەرەكان بەخوێن پارێزگاری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین، هەر بەو گیان فیداییەوە لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان درێغی ناكەین و بەردەوام دەبین.